دەقی وتارەکەی مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەت، بەم شێوەیەیە:
بسم الله الرحمن الرحيم
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، و درود و سڵاو لەسەر پێغەمبەری خوا، محەممەد (د.خ)، و خێزان و هاوەڵانی و هەموو ئەوانەی بە شوێنیان کەوتوون.
بەخێرهاتنتان دەکەم. بەڕێزان! بەرپرسانی دەستەی بەڕێوبهرایەتی و ئەندامانی مەجلیسە ڕاوێژکارییەکان، بە دڵسۆزییەوە لە پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان دەپاڕێینەوە کە ئەم دانیشتنه مەعنەوییەمان بە ئامادەبوونی فریشتەکان و دابەزینی ڕووناکی و ڕەحمەتی خۆی بڕازێنێتەوە. هەروەها، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە بە بەخشندەیی و نیعمەتە ئاسمانییەکانی خۆی، ئاسوودەیی و ئارامی بە ئێوەی ئازیز، خێزانە بەڕێزەکانتان و هەموو هاووڵاتییان و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی ئەم خاکە ببەخشێت و لە کێشە و تەنگانە و پیلانەکانی دوژمنانی ئەم نیشتمان و خاکە بیانپارێزێت.
وتارەکەم بە ئیلهام وەرگرتن لە قسەی یەکێک لە پێشەنگانی ڕاپهڕینی ئیسلامی دەست پێ دەکەم. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ سەرکەوتنی هەوڵە چاکەخوازی و چاکسازیخوازانەکان، پابەندبوون بە کۆمەڵێک بنەما و مەرج زۆر گرنگ و چارەنووسسازە؛ بنەماگەلێک کە گرنگیدان پێیان دەتوانێت جووڵە چاکسازییەکان لە پەلپەل و پرش وبڵاویی و شکستخواردن بپارێزێت. لێرەدا ئاماژە بە پێنج بنەمای گرنگ دەکەم:
یەکەم: گرنگی و ڕۆڵی دەور و بەر و کۆمەڵگەی ئامانج، و پێویستیی ڕێکخستنی ژیرانەی حەرەکەت بە پێی پێوەرەکانی دادپەروەریی خوایی و ئاستی وەڵامدانەوە و هاوڕێیەتیی بەردەنگەکان
هەر جووڵەیەکی چاکسازی، پێش ئەوەی پێویستی بە بەرنامە و هەنگاوی کرداری هەبێت، پێویستی بە ناسینێکی ورد و دروست هەیە؛ ناسینی کۆمەڵگە، بارودۆخی کات و شوێن، دۆخ و ڕەوشی خەڵک، بەربەستەکان، پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک، هەروەها ئازار و ناخۆشی و ڕەنج و ئارەزوو و ئاواتەکانیان.
پاشان دەبێت بە گوێرەی ئەم ناسینە و توانایی و ئیمکاناتی بەردەست، شێوازی جووڵە و هەنگاوەکان بە دانایی و ژیرییەوە ڕێک بخرێن.
حەزرەتی ئیبراهیم (ع) نموونەیەکی ڕوونی ئەم واقعبینییەیە. کاتێک بانگەوازەکەی تەنانەت لەلایەن باوکییەوە قبووڵ نەکرا، بە ئەدەب و ڕێزەوە، خۆی لە باوک و ژینگەی شەرک دوور خستەوە و بە دڵنیایی و ورە و خۆڕاگرییەوە ڕێگای تەوحیدی پاراست:
«وَأَعْتَزِلُكُمْ وَمَا تَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ وَأَدْعُو رَبِّي عَسَىٰ أَلَّا أَكُونَ بِدُعَاءِ رَبِّي شَقِيًّا» (مەریەم: ٤٨)
واتە: «لە ئێوە و ئەو شتانەی جگە لە خوا دەیانپەرستن دوور دەکەومەوە و بانگی پەروەردگارم دەکەم؛ هیوادارم بە بانگکردن و پەرستنی پەروەردگارم بێبەش و ناومێد نەبم.»
دووەم: غافڵ نەبوون لە ڕۆڵی شەیتان، وەسوەسەکانی خەنناسان، تێکدانی ئەندیشە و بەربەستە شاراوەکان
بزاڤی چاکسازی تەنها ڕووبەڕووی بەربەستە ئاشکراکان نابێتەوە؛ بەڵکو لە ڕێگاکەیدا بەربەستی شاراوە و جۆراوجۆری دیکەش هەن. شەیتان، بە پێی ئەوەی قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێ دەکات، بەردەوام هەوڵ دەدات مرۆڤ لە ڕێگای ڕاست و بەختەوەری و سەعادەت لاببات:
«ثُمَّ لَآتِيَنَّهُم مِّن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ وَمِنْ خَلْفِهِمْ وَعَنْ أَيْمَانِهِمْ وَعَن شَمَائِلِهِمْ وَلَا تَجِدُ أَكْثَرَهُمْ شَاكِرِينَ» (ئەعراف: ١٧)
واتە: «پاشان لە پێشەوە و لە پشتەوە و لە لای ڕاست و لە لای چەپیانەوە دێمە سەریان؛ و زۆربەیان بە سوپاسگوزار نابینی.»
لەبەر ئەوە، چالاکوانان و چاکسازیخوازان دەبێت هەم بەربەستە دەرەکییەکان بناسن و هەم ئاگاداری لاوازییە ناوخۆییەکان، خۆپەرستی، ناھومێدی و وەسوەسەکان بن؛ ئەو هۆکارانەی کە دەتوانن جووڵەی مرۆڤ لە ڕێگای سەرەکیی خۆی لاببەن.
سێیەم: خۆڕاگری لەسەر ڕێگا
ڕێگای چاکسازی، ڕێگای چاکەخوازی و خزمەتکردنە بە هاونەوعان، ڕێگایەکی کورت و بێتێچوو نییە. هەندێک جار ئەنجامی هەوڵەکان زۆر دواتر دەردەکەوێت و لە ڕێگادا بەربەست و دژواریی زۆر دروست دەبن. بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت:
«فَاسْتَقِمْ كَمَا أُمِرْتَ وَمَن تَابَ مَعَكَ وَلَا تَطْغَوْا» (هود: ١١٢)
واتە: «کەواتە، وەک ئەوەی فەرمانت پێ کراوە خۆڕاگر و جێگیر بە، هەروەها ئەوانەش کە لەگەڵ تۆ گەڕاونەتەوە لای پەروەردگاریان؛ و لە سنوورەکان تێپەڕ مەکەن.»
استقامت (خۆڕاگری و بەردەوامبوون) واتە وەفادارمانەوە بەرامبەر بنەماکان، ئامانجەکان، ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەکان؛ لە هەمان کاتدا، لە هەڵبژاردنی شێوازەکان و بە گوێرەی بارودۆخ، دەبێت دانایی و نەرمونیانی و گونجاندن لەگەڵ دۆخەکانمان هەبێت.
چوارەم: ناسینی سوننەت و یاساکانی خوایی
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتن، ناسینی سوننەتەکانی خواییە کە بەسەر ژیان و کۆمەڵگەدا زاڵن. خوای گەورە، جل جلاله، دەفەرموێت:
«وَلَن تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا» (ئەحزاب: ٦٢)
واتە: «هەرگیز هیچ گۆڕانکارییەک لە سوننەتی خوا نادۆزیتەوە.»
یاساکانی خوا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. گۆڕان و چاکسازی پێویستی بە ناسینی ڕاستییەکان، ناسینی هۆکارەکان، سوننەت و یاسا خواییەکان و هەنگاونانێکی لەسەرخۆ، بەردەوام و لەسەر حیساب، لە چوارچێوەی ئەو یاسا و سوننەتانەدا هەیە. بۆیە نابێت تەنها بە پشتبەستن بە ئاوات و هەستەکانمان بجوڵێین؛ بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکی پتەو و نەبڕاو لەنێوان ئیمان، ئارمان و ئامانجە بەرز و ڕاستییەکان و بەرنامەدا دروست بکەین.
پێنجەم: جووڵەی بەکۆمهڵ و چالاککردنی توانایی و ئیمکاناتی گشتیی کۆمەڵگە
هیچ جووڵەیەکی گەورەی چاکسازی، بە توانای یەک کەس یان دهستهیهکی بچووک بە ئەنجام ناگات. چاکسازیی کۆمەڵگە پێویستی بە هاوکاری، متمانە بە خۆی تاکەکان، متمانەی بەکۆمەڵ، دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان و بەشداریی گشتیی خەڵک هەیە.
زولقەرنەین (ع) کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەوە، وەک ئەوەی کە داوایان لێ کرد بەنداوێک (سد) دروست بکا بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی یەئجووج و مەئجووج، خەڵکی لە پرۆسەی دروستکردنی بەنداوەکە بەشدار کرد، بانگھێشتی کردن و و پێی فەرموون:
«فَأَعِينُونِي بِقُوَّةٍ أَجْعَلْ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ رَدْمًا» (کەهف: ٩٥)
واتە: «کەواتە، بە هێز و توانایەکی زۆر یارمەتیم بدەن، تا لەنێوان ئێوە و ئەواندا بەربەستێکی پتەو دروست بکەم.»
ئەم ئایەتە فێرمان دەکات کە جووڵەی سەرکەوتوو ئەو جووڵەیە نییە کە هەموو کارەکان بە چەند کەسێکی سنووردار بسپێرێت؛ بەڵکو دەبێت توانایی و ئیمکاناتی کۆمەڵگە بناسین، لە پێناوی ئامانجی هاوبەشدا ڕێکیان بخەین و بەکاری بهێنین.
کۆتا قسە
کەواتە، ئەگەر بمانەوێ هەوڵ و بزاڤە خێرخواز و چاکسازیخوازانەکانمان بەرهەمدار و بەردەوام بن، دەبێت هەمیشە ئەم پێنج بنەمایە لەبەرچاو بگرین:
١. ناسینی دروست؛
٢. وریایی و ئاگاداری؛
٣. خۆڕاگری و جێگیری؛
٤. تێگەیشتن و ناسینی سوننەتەکانی خوا؛
٥. جووڵە و کاری بەکۆمەڵ.
ئیخلاص و هاندەر و پاڵنەر، خاڵی دەستپێکی جووڵەکەن؛ بەڵام بۆ گەیشتن بە ئەنجام، دەبێت ناسین لەگەڵ دانایی، ئیمان لەگەڵ کردار، خۆڕاگری لەگەڵ نەرمونیانی، و توانای تاکەکەسی لەگەڵ کاری بەکۆمەڵ هاوڕێ و هاوبەش بکرێن.
هیوادارین خوای گەورە، جل جلاله، تۆفیقی پێویست بە ئێوەی بەڕێز، سەرۆکانی مەجلیسە ڕاوێژکارییەکان، ببەخشێت، تا لە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەرک و ئەنجامدانی ئەو بەرپرسیارێتییە پیرۆزەی کە سپێردراوەتە ئەستۆتان، بە ئاگایی و ئیخلاص و هاوڕێ لەگەڵ زانایی و ڕەحمەتی خوایی، هەنگاوی کاریگەر و بەردەوام هەڵبگرن.
سەربەرز و سەرکەوتوو بن.
والسلام علیکم ورحمة الله وبرکاته

بۆچوونهکان